وەرچەرخانێكی نوێ لە ڕەوتی سیاسی ئیسلامی كوردستاندا
ئارام قادر
ئیسلامییەكان بەشێوەیەكی گشتی و بە تایبەت لە كوردستان باجی زۆرمان داوە لەمەر چۆنیەتی تیگەشتنمان لە بنەماكانی سیاسەتی ئیسلامی و توشی هەڵدێری زۆر بوین لە ئەنجامی بە هەڵەتیگەیشتن لە كاری سیاسی لە ئیسلامدا، و هەلی زۆرمان لەدەست دا و چەندین گێچەڵی سەیر وسەمەرەمان بۆ خۆمان خولقاند بەناوی پابەندبوون و رەسەنایەتی و پیادەكردنی شەریعەتی ئیسلام ، لە هەمانكاتیشدا ناحەزانی ڕەوتی ئیسلامی زۆر تەمومژیان دروست كرد سەبارەت بە رەوتی ئیسلامی لە كوردستان و ئەو هەڵویست و دیدو بۆچونانەشیان كردە بەڵگە بۆ ئابلۆقەدانی حاڵەتی ئیسلامی و هەولدان بۆ لەباربردنی.
بەڵگەنەویستە كە هەڵدێران و هەڵەكردن و تێنەگەشتنمان لە سۆنگەی كۆمەڵێك بیروبۆچونی فیكری و ڕۆشنبیرییەوە سەرچاوەیان گرتبوو، چونكە هەمیشە قەناعەت هەڵویست و كار و كردەوە پێكدەهێنێت، و قەناعەتیش تێڕوانینە فیكریەكان دەیانخولقێنیت ، كەواتە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كیشەی سەرەكی كار و رەوتی ئیسلامی كێشەی فیكرو تێگەیشتن وتیروانینەكانە، چونكە هەموو هەڵویست وكردەوەكان دەرهاویشتەی بیرو بۆچۆنەكانە، و ئەو بیروبۆچونە هەڵە وناتەواوانەش لە ئەنجامی كۆمەڵێك تیڕوانینی هەڵە بۆ بەرنامەی ئیسلامو نەبوونی خوێندنەوەیەكی دروست بۆ مێژووی ئیسلام و خۆقەتیسكردن بوو لە چەند ئیجتهادیكی دیاریكراودا.
كەواتە ئیسلامیەكانی كوردستان باجی ئەوەمانداوە نەمانتوانیوە خۆمان ئیجتهاد بكەین، دەرگای ئیجتهادی سیاسی و فیقهیمان لەخۆمان داخستووە،ب ەدواداچون ولێكدانەوە و هەڵسەنگاندنی وردمان نەبووە بۆ فەتوا و تێڕوانینە سیاسیەكانی زانایانی پێشوو، بەراوردكردنمان نەبووە بۆ ڕاجیاوازەكان و خوێندنەوەیەكی زانستیمان نەكردبوو بۆ ئیجتهادە جیاوازەكان لەمیژووی رەوتی ئیسلامیدا، بەڵكو زیاتر چەند حاڵەتیكی دیاریكراومان دوبارەكردوەتەوە لە كوردستاندا ، و خۆمان پابەند كردووە بە رای چەند زانایەكی دیاریكراو یان چەند فەتوایەكی دەستنیشانكراو، ئەمەش وای كرد كاتیكی زۆر و باجێكی گەورە وقوربانیەكی زیاد لەپێویست بدەین بەڵام دەرئەنجامێكی ئەوتۆمان نەبێت و نەتوانین بگەینە ئامانجەكانمان.
بەلام خۆشبەختانە ماوەیەكە حاڵەتی ئیسلامی لە كوردستان وەرچەخانێكی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت چ لەرووی سیاسیەوە یان لە ڕووی واڵاكردنی ئیجتیهاد و بەخوداچونەوە و ڕاستكردنەوەی بارودۆخەكانی پێشوو، زیاتر قووڵبونەوە لەچەمكەكان، چ سەبارەت بە فەتواو ڕای زانایانی ئیسلامی لەمێژوودا، یان هەڵسەنگاندنی ئیجتیهادەكان بەشێوەیەكی زانستیانە، یان بیركردنەوە لەئیجتیهادیكی نوێ.
یەكێك لەو هەوڵە گرنگ و بایەخدارانە تیروانیەكانی بەرێز (مامۆستا عەلی باپیر)ە كە لەبەرنامەی سەرنج)ی كەناڵی ئاسمانی (پەیامو وهەندێكیتر لە دووتوێی چەند كتێبو نوسرواێكدا یان لە چەندین وتاردا خستونیەتیە ڕوو، بۆ نمونەش كتێبی (چەند بابەتیكی سیاسی هاوچەرخ لەبەر رۆشنایی عەقلو وەحی) چاپی2010، (بنچینە گرنگەكانی هەلس وكەوتی شەرعیانەو ژیرانە لەگەل ووردە بابەتە خیلافیەكان) چاپی 1999، (تەوژمی ئیسلامیو عەلمانی و خاڵە هاوبەش و جیاوازیەكانیان) چاپی2007، (ئافرەتی موسلمانی كورد مافە شەرعیەكانی وئەركە گرنگەكان) چاپی 2000، كە مامۆستا لەم نوسراوانەو چەندین نوسراوی تر و گووتار و بەرنامە تەلفزیۆنەكانیدا چەندین تێروانینی فیكری و فیقهی وسیاسی خستۆەتەڕوو كە جێگەی بایەخ وسەرنجی هەموو ئیسلامیەكانە لەكوردستان.
بۆیەش بە پیوستی دەزانم ئیسلامییەكان و لایەنەكانیتریش بە وردی ئەو تێڕوانین و نوسراوانەی مامۆستا بخوێننەوەو بایەخی تایبەتی پێبدەن، چونكە وەرچەرخانێكی نوێ لەبیركردنەوەی سیاسی لەخۆدەگریت، تێگەیشتنێكی واقعیانە ودروست دەخاتە ڕوو بۆدەقەكان ، ئەم نوسراوە بۆ ئیسلامیەكان بە پێویست دەزانم تا بتوانین بەهەڵەو كەموكورتی خۆماندا بچینەوە، وە بۆ ڕەوتە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان بەزەروری دەبینم تا لاپەرەیەكی نوێ هەلبدەنەوە وقۆناغیكی نوێ دەستپێبكەن لەشیوەی پەیوەندی ومامەڵە لەگەڵ رَەوتی ئیسلامی لەكوردستان ، چونكە مامۆستا عەلی بابپیر ئەم تیڕوانینانەی وەك ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی نەخستۆەتە ڕوو واتە تەعبیر نیە لەسیاسەتی حزبیكی دیاریكراو، بەڵكو وەك زاناو بانگخوازو بیریارێكی ڕەوتی ئیسلامی لەم بابەتانە دەكۆڵێتەوە و دەیانخاتە بەردەم دڵسۆزانی ڕەوتی ئیسلامی، و مامۆستا عەلی باپیر لەم تێروانینانەدا وەك بیریارێك، گشتگیر ڕاكانی دەخاتە ڕوو نەك وەك تەوجیهاتیكی حزبی، و دەیەوێت وەرچەرخانیكی نوێ لە بیركردنەوە و تێڕوانینە ئیسلامییەكاندا دروست بكات ، هەرچەندە هەندێك لە ئیسلامیەكان چ لەناوخۆی كۆمەڵ یان دەرەوەی كۆمەڵ رەخنە وتێبینیان هەبووە سەبارەت بە ئیجتیهادەكانی مامۆستا عەلی باپیر بەڵام ئەو رەخنەو سەرنجانە راو بیركردنەوە و تێڕوانینەكانی مامۆستا عەلی باپیر دەوڵەمەندو بەهێز دەكات نەك بە پێچەوانەوە، بۆیە خۆشبەختانە توانیویەتی بەردەوام بابەتی نوێ و گرنگ و بایەخدار بۆ تاك و كۆمەلگە و ڕەوتی ئیسلامی و لایەنە سیاسیەكان بخاتەڕوو وەك زانا و بانگخوازێك نەك تەنها سنوردار بێت بۆ ئەندامانی كۆمەڵ بەلكَو بۆ تێكڕای ڕەوت و لایەنە ئیسلامیەكان بووە.
هەوڵ ئەدەم لەدەرفەتێكی تردا باس لە هەندێك ئیجتیهادەكانی مامۆستا بكەم و بایەخی لەسەر ڕەوتی ئیسلامی پیشان بدەم، بەلام لەم پێشدەستیەدا تەنها ئاماژەیەكی كورت بە كتێبی چەند بابەتیكی سیاسی هاوچەرخ لەبەر رۆشنایی عەقل ووەحیدا دەدەم كە لەلایەن پرۆژەی تیشكەوە بە ژمارە 75 پەخش كراوە، ئەم كتێبە كۆمەڵێك بابەت و بیربۆچونی گرنگی لەخۆگرتووە ، كە چواربابەتی گرنگ وب ایەخدار و پێویست بۆ ئەمرۆی رابونی ئیسلامی خستوەتە روو، تەبایی و پێكەوەژیان لەتەرازووی قورئان وسونەتدا، كە كۆمەلیك بنەمای گرنگ دەخاتە روو كە زۆربەی ئەو بنەمایانە كلیلی چارەسەری زۆریك لەكیشەكانی ئەمرۆی تاك و گرووپە ئیسلامیەكان دەكات، و هۆكاری نەگەشتنە دەسەڵات لە لایەن گروپە ئیسلامیەكانەوە یان فەرامۆشكردنی ئەو بنەمایانە بوون یان بە پێچەوانەوە چەسپێنراون.
بەشی دووهەمی ئەو كتێبە هاوپەیمانی لە تەرازوی شەریعەتدا و بەشداری لە پرسی سیاسی كوردستان لە گەڵ حزب وپارتەكان كە ئەم بابەتەش زۆر گرنگ و بایەخدارە بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی رابونی ئیسلامی، چونكە ئیسلامیەكان دەبێت بیركردنەوەی گەشتنە دەسەڵات بگۆرن ، گەیشتنە دەسەڵات تەنها یەك رێبازی نیە، بەلكو چەندین شیوە وشیواز هەیە بۆ گەیشتنە ئەو ئامانجە كە یەكێك لەریگەكانی گەشتنە لوتكەی دەسەلات لە ئەمڕۆدا بریتیە لە هاوپەیمانی و هاوكاری كردنی یەكتر، چونكە ئیسلامیەكان دەبیت كار لە خۆیاندا سنوردار نەكەن بەڵكو دەبێت خەبات بكەن لە پیناو چەسپاندن و پیادەكردنی بەرنامەكان.
بەشی سێهەمی ئەم كتێبە بە ناونیشانی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن و پەرلەمان هەڵسەنگاندنیكی شەرعیانە و ژیرانە، كە كۆمەڵێك بیروبۆچوونی سەنگین و رای جوان و فەتوا و ئیجتهادی نوێی لەخۆگرتوە كە بەداخەوە تا ئێستاش و لە زۆربەی هەڵبژاردنەكاندا ئیسلامییەكان باجی تێنەگەیشتنی ئەم بابەتە دەدەن و زۆرێك لە دەنگی ئیسلامیەكان دەفەوتێتو باڵانسی ڕەوتو لایەنەكانیتری بەرزكردۆەتەوە، هەڵبژاردنەكانی رابردوو سەلماندیان ئەم بابەتە مافی خۆی نەدراوەتێ و تەواو شینەكراوەتەوە بۆ هاولاتیان، و تەنها لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا بیرمان دەكەویتەوە، نوسەر هەنگاوی یەكەمی هەڵگرتوە بەڵام ئەم بابەتە پێویستی بە چەندین كۆر وسینمار و كتیب ونوسین هەیە.
بەشی چوارهەم باس لە بەشداریكردن لەحكومەتیكی نا ئیسلامیدا لە بەر رۆشنای عەقل وشەرعدا دەكات، كە بابەتیكی هەنوكەیی وهەستیارە بۆ ئەمرۆی كوردستان، چونكە شێوەی گرتنە دەسەڵات لە ئەمرۆدا تەنها یەك میكانیزمی نیە وە گەشتنە ئامانجە ئیسلامیەكان تەنها یەك شێوە وشێواز ناگریتە خۆ، مامۆستا عەلی باپیر (نوسەر) لەم نوسینەدا ریگەچارە و میكانزمیتر دەستنیشان دەكات كە لەو ریگەیەوە ئیسلامیەكان دەتوانن بگەنە ئامانجەكانیان، لەم بابەتانەدا مامۆستا دەرگای واڵاكردوە بۆ ڕەوت ولایەنە ئیسلامیەكان كە چۆن دەتوانن خزمەت بەهاوڵاتیان بكەن و چۆن ئیسلام دەگەیەننە دەسەڵات بۆئەوەی هاولاتیانی كورد لە سایەی شەریعەتدا بەختەوەرو كامەران بن، گرنگی ئەم بابەتانە لەوەدایە بە هەلسەنگاندنیكی زانستیانە و شتیەڵكردنەوەیەكی فیقهی دەیسەلمێنیت كە بۆ هەموو قۆناغێك و بۆ هەموو حاڵەتێك ئیسلامیەكان دەتوانن بجولێن و میكانیزمی كار و خەبات قەتیس نەبووە لە یەك دەروازە، دەتوانن بگەنە لوتكەی دەسەڵات بە چەندین ریگەی شەرعی ودوور لە لادان یان بەكارهینانی هۆكاری نادروست .
مامۆستا ئەم بابەتەی نوسیووەو پاڵپشتی فەتواو راكانی بە قورئان و فەرمودە كردووە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە بە هەمیشەیی و لە هەمووكاتدا و بۆ هەموو گروپ و حاڵەتیك ئێمە ئەم كارانە ئەنجام بدەین، بەلكو هەوڵەكانی مامۆستا بۆ خۆقاڵبنەدانە بە شێوازێكەوە،و دەستی خۆمان نەبەستین بەناوی فەتواو پابەند بوون بە ئیسلامەوە، لە كاتیكدا ئیسلام دەرگاكانی والاكردوە و بواری زۆری دیاریكردوە بۆ جوولە وخەبات و تیكۆشان.
یەك نمونە دەهینمەوە مامۆستا خۆی ئەم بابەتەی نوسیوە بەلام لە كاتی پێكهینانی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەریم رای نەبوو لەسەر بەشداری كردن لەحكومەت و رای وابوو برۆینە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، چونكە دروستی و نادروستی بەشداری جیاوازە لەگەل هەڵویست و بەرژوەندی حاڵەتی سیاسی، راستكردنەوەی فەتواو بیربۆچونەكان جیاوازە لە هەڵویست نواندنی سیاسی، بوونی ئەو جۆرە فەتواو ڕوونكردنەوە شەرعیانە وا دەكات گروپە ئیسلامیەكان رزگار بكات لە ململانێی ناوخۆیی و لابەلایی ، تێنەگەیشتن لەم ڕا جیاوازانە و هەڵنەسەنگاندنی فەتواكان لە رابردودا چەندین كێشە و ئالۆزی خێزانی وكۆمەڵایەتی لێكەوتەوە، چەندین هەلی گەورەمان لەدەست دا، هەندیك لە ململانێكانی ناو گۆرەپانی كوردستانیش لە ئەنجامی ئەو تیروانینەوە دروست بوون كە دەبیت موسڵمان بەردەوام لە ململانیدا بێت .
هەولێر
15-10-2010


