ئایا ئیسلامییه‌كان به‌خۆیاندا ئه‌چنه‌وه؟
له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25 /7 دا، ئه‌و پێشبینییه‌ی كه خۆمان و زۆرێك له ناوه‌نده سیاسیی و رۆشنبیرییه‌كان هه‌یان بوو سه‌باره‌ت به لیستی خزمه‌تگوزاریی و چاكسازیی، نه‌هاته دی و نه‌مان توانی بگه‌ینه ئه‌و ئاست و هیوایه‌ی كه خۆمان و لایه‌نگران و دۆسته‌كانمان چاوه‌ڕێی بووین
، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه رێژه‌ی كورسییه‌كانی هه‌ردوو لیستی یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ رووی له كه‌می كرد و به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو نه‌گه‌شتینه ئه‌و ئاسته‌ی كه جه‌ماوه‌ری كوردستان دڵخۆش بكه‌ین و بارودۆخه چه‌قبه‌ستووه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ره و چاكسازیی و گۆڕانكاریی ئاڕاسته بكه‌ین.
پاش راگه‌یاندنی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان زۆرێك له ئه‌ندامان و كادران و سه‌كردایه‌تییه‌كان بیر له به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌كی جددیی ده‌كه‌نه‌وه بۆ ناوخۆی هه‌ردوو لایه‌ن، بۆ راستكردنه‌وه و نه‌هێشتنی ئه‌و كه‌موكورتی و كه‌لێنانه‌ی له په‌یكه‌ری حزبییدا هه‌بووه، یان له رووی فیكریی و گوتار و شێوه‌ی رێكخستن و مامه‌ڵه‌ی حزب له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و جه‌ماوه‌ر، كه زۆرینه واهه‌ست ده‌كه‌ن كه‌موكورتی حزب بووه‌ته هۆی ئه‌م ده‌رئه‌نجامه، ئه‌مه‌ش خۆی گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وته له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا و ده‌بێته وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره بۆ داهاتوویه‌كی نزیك، به مه‌رجێك بزانین چۆن به‌خۆداچوونه‌وه ساز ده‌كه‌ین و چی ده‌گۆڕین و حاڵه‌تی ئیسلامیی چ ئاڕاسته‌یه‌ك وه‌رده‌گرێ؟ زۆرجار له لایه‌ن كادر و رۆشنبیرانی هه‌ردوو حزبه‌وه باس له ره‌خنه‌له‌خۆگرتن و چاكسازیی ناوخۆیی و گۆڕین و گۆڕان كراوه، به‌ڵام له‌وكاته‌دا ته‌نها له رووی تیۆریی و گفتوگۆ و لێكدانه‌وه‌وه باس له زه‌رووره‌ت و پێویستیی به‌خۆداچوونه‌وه ده‌كرا، كه له‌و كاتانه‌دا هێشتا زۆرێك له ئه‌ندامان و كادران ئه‌و بیرۆكه‌یان بۆ قوت نه‌ده‌چوو، یان ته‌فسیری هه‌ڵه‌ی بۆ ده‌كرا، یان وا بیریان ده‌كرده‌وه كه به‌خۆداچوونه‌وه واته گۆڕینی چه‌ند ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی، یان چه‌ند ده‌زگایه‌ك لاببرێن و دووقاتی ئه‌و ژماره‌یه ده‌زگا و ئۆرگان زیاد بكرێت، یان وا بیری لێ ده‌كرایه‌وه كه مه‌سه‌له‌ی گۆڕانكاریی ئه‌وه‌یه ژماره‌ی مه‌ڵبه‌نده‌كان زیاد بكرێن و باره‌گاكان زۆر بكرێن، به‌ڵام له راستییدا ئه‌م بیرۆكانه هیچیان گۆڕانكاریی و چاكسازیی نین، به‌ڵكو گۆڕانكاریی واته وازهێنان له هه‌موو شێوه و شێوازه كلاسیكییه‌كان له رووی كار و په‌یكه‌ر و پله‌به‌ندیی و كاری رێكخراوه‌یی، گۆڕانكاریی واته گۆڕانكاریی نوێ بۆ پێكهێنانی پێكهاته‌ی حزب و كاری سیاسیی و داهێنانێكی نوێ له كاری سیاسیی، نه‌ك خۆبچووكردنه‌وه و خۆ قه‌تیسكردن له چوارچێوه‌ی حزبییدا، گۆڕین واته گۆڕینی بنه‌ما فیكریی و گوتار و تیۆره‌كانی كاری ئیسلامیی كه له چوارچێوه‌ی كاری حزبی و رێكخستنه‌وه بێینه ده‌ره‌وه و خۆمان به نوێنه‌ری ته‌نیا توێژێكی جه‌ماوه‌ر نه‌زانین، كه ئه‌م بیرۆكانه‌ش هه‌ریه‌كه‌یان میكانیزمی خۆی و بنه‌مای خۆی هه‌یه، ئه‌م توَیژینه‌وه و گفتوگۆیانه ده‌بێت له رێگای سازكردنی كۆنفرانس و كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی و خوله‌كاندا واڵا بكرێن، چونكه گۆڕانكاریی ده‌بێت له چوارچێوه‌ی بابه‌ت و وتار و تێبینیی میدیاكاندا ده‌رباز ببێت و ببێته پرۆژه و میكانیزم بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كان، زۆربه‌مان له سه‌ره‌تای سه‌ركه‌وتنه‌كانی داد و گه‌شه‌پێدان، زۆر سه‌رسام بووین به توانا و پڕۆژه‌كانیان، به‌ڵام به داخه‌وه تا ئێستا له قۆناغی سه‌رسامییدا ماینه‌وه و نه‌مانتوانی ئه‌زموونی نزیكترین وڵات له خۆمانه‌وه وه‌ربگرین، بێگومان مه‌به‌ست له وه‌رگرتنی ئه‌زموون به جیاوازیی بارودۆخ و ئاستی رۆشنبیریی و هۆشیاریی هاووڵاتییان و كاری سیاسیی هه‌ردوو وڵات.
له كۆتاییدا هیوادارم خوێندنه‌وه‌مان بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌بێته‌وه به خوێندنه‌وه‌مان بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌و پارته و ته‌نیا له قۆناغی وتار و خۆ خاڵیكردنه‌وه و خه‌فه‌ت و بیركردنه‌وه‌دا بمێنێته‌وه، به‌ڵكو پێوسته بڕۆینه قۆناغێكی كرده‌یی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه چاوه‌ڕواننه‌كراوه، دووباره نه‌بێته‌وه به وێنایه‌كی خراپ و مه‌ترسیدارتر.
ئارام قادر*
* ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان

