هاوپەیمانى ئیسلامییەکانى کوردستان و لایەنەکانیتر
ئارام قادر 
هاوپەیمانى نیوان لایەنە ئیسلامییەکان ولایەنەکانیتر لە کوردستان دیاردەیەکى نوێیە بە بەراورد لەگەل وڵاتانیترى ئیسلامیدا ، هەر بۆیە هاوپەیمانى نێوان کۆمەڵ و یەکگرتوو
لە گەڵ سۆشیالیست و زەحمەتکێشان بۆ هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان لە 25/7/2009 پرسیارء نیشانەى سەرسوڕمانى زۆرى بۆ شەقامى کوردى دروستکرد ، ئەوەش دیاردەیەکى سروشتیە چونکە هۆیەکەى دەگەڕێتەوە بۆ تازەیى ئەزمونى کارى ئیسلامى لە کوردستان بە بەراورد لە گەڵ وڵاتانیتر، و هەروەها خۆشمان بەشێک بووین لە دروستکردنى گومان ودوودڵى لە سەر ئەو جۆرە هاوپەیمانیەتییە لە ئەنجامى پەروەردە و تێروانینەکانى ڕابردوومان، بۆیەش ئێستا پێوستى بە ڕاستکردنەوەء ڕێکخستنەوە هەیە، کەواتە پێویستە ئەم حاڵەتە ڕاست بکرێتەوە و ئەم جۆرە هاوپەیمانیەتانە بۆ ئیسلامییەکان و بۆ شەقامى کوردى شیتەڵ بکرێن و پشتڕاست بکرێتەوە بە فەتوا و بنەما شەرعییەکان، چونکە زەرورەتێکى ئێستاء داهاتووى کارى ئیسلامییە لە کوردستان، چونکە لە وڵاتە ئیسلامییەکانیتر قۆناغى گفتوگۆ و لێکۆلینەوە لە هاوپەیمانى ئیسلامى ــ عەلمانى تێپەڕێنراوە و گەشتۆەتە کارکردن پێەکەوە بۆ دروستکردن وپێکهینانى دەسەڵات بۆ نمونە لە یەمەن زیاتر لە 30 ساڵە لە نێوان بزوتنەوەى چاکسازى ئیسلامى و پارتى کۆنگرەى نەتەوەیى هاوپەیمانى هەیە و ئێستا پێکەوە لە دەسەڵاتدان، و لە سودان زیاتر لە 50 ساڵە چەندین هاوپەیمانى نێوان ئیسلامییەکان ولایەنە عەلمانى و نەتەوەیىء نیشتیمانییەکان پێکهاتووە و هەڵوەشاوەتە، بۆماوەیەک بە یەکەوە لە دەسەڵاتدا بوون بەتایبەت ل ەسەردەمى دەسەڵاتى ێادق مەهدى، لەپاکستان زیاتر لە 30 ساڵە بە هەمان شێوە هاوپەیمانى بووەتە دیاردەیەکى جێگیر بۆململانێى سیاسى نیوان ئیسلامییەکان ولایەنەکانیتر، بەهەمان شێوە لە مالیزیا و مەغریب وتورکیا ومیسر وئوردن هاوپەیمانى بووەتە بنەمایەکى کارى سیاسى، چونکە ئەوەى بێگومانە کە هاوپەیمانى نێوان ئیسلامیەکان ولایەنە نەتەوەیى وعەلمانى و نیشتمانییەکان زەرورەتێکى ئەم قۆناغەى کارى سیاسیە، و یەکێکە لە هۆکارەکانى جێگیر بوون وبەهێز بوونى ئیسلامییەکان لە وڵاتەکانى خۆیاندا ، بەڵێ، لە کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان یەکێک بووە لە هۆکارەکانى شکستى ئیسلامییەکان بەڵام کەمکردنى رێژەى کورسییەکان لە هەڵبژاردنەکان نابێت ئۆباڵەکەى بخەینە سەر ئەم هاوپەیمانیەتیە ،چونکە هۆکاریتر هەبووە کە پەیوەستن بە خودى ئیسلامییەکان خۆیان، بەڵام بۆ خۆ دەربازکردن لە پرسیار و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتى هەموو تاوانەکە دەخەینە سەر بوونى ئەم هاوپەیمانیەتیە ، چونکە هاوپەیمانى بە شێوەیەکى گشتى سودى بۆ ئیسلامییەکان زیاترە تا لایەنەکانیتر، بەڵام دەبێت ئەو هاوپەیمانییەى ئەنجام دەدرێت لەسەر بناغە و بنەمایەکى ڕوون و ئاشکرا و بە ریکەوتنێکى توندوتۆل و دیار رێکبخرێت، بۆنمونە لە میسر تا ئیستاش ئیخوان بواریان نیە بە تەنها بە سەربەخۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن بەڵام لە گەڵ لایەن وحزبەکانیتردا هەمیشە بونەتە کوتلەى دووهەم لەپاش حزبى دەسەڵات، واتە لەڕێگەى هاوپەیمانیەوە ئیخوان توانیویەتى لە سنورى نایاسایى خۆى بگەیەنێتە پەرلەمان و بڕواتە ناو دەسەڵاتەوە، لە تورکیا لە ڕێگەى هاوپەیمانییەوە، حزبە ئیسلامیەکان لە یەک کورسیەوە توانییان بگەنە ئەو ئاستەى هەموو دەسەڵاتەکان بۆخۆیان کۆنترۆل بکەن، لە یەمەن لە ڕێگەى هاوپەیمانیەوە بونەتە شەریکێکى بەهێز و بەردەوام لە دەسەڵاتدا ، لەکوردستان بەم هاوپەیمانییە زۆر پرسیار و نیشانەى سەرسوڕمان هەبوون هەمووى ڕەوینەوە، بە تایەبت بەرامبەر بە کۆمەڵى ئیسلامى، لەوانەش گوایە ئیسلامییەکان ناتوانن لەگەڵ لایەنەکانیتر بە یەکەوە کار بکەن، ئیسلامییەکان تەنها خۆیان قەبوڵە و بەکەس ڕازى نین ، ئیسلامیەکان تیرۆر ئەکەن و بیروڕاى توندڕەوى پەرەپێدەدەن، تێڕوانینى دەوڵەتەکانى جیهانى ڕەواندەوە لە گومان و دوودڵییەوە گەیاندیە ئەو ئاستەى خوازیاربن لیستى خزمەت گوزارىء چاکسازى بەشدارییەکى بەهێز بکات لە دەسەڵاتى داهاتوودا، چەندین ساڵە چەند لایەن و رێکخراوێک لە کوردستان هەوڵى لەکەدارکردنى کۆمەڵ و لایەنە ئیسلامییەکانیتر دەدەن، چەندین تۆمەت و واتە وات و پروپاگەندەیان بۆ دروست کردوین، چەندین پیلانیان داڕشتوە بۆ لەباربردن و گەمارۆدانمان ، بەڵام پێکهێنانى هاوپەیمانی یەکێکە لەو رێگایانەى ئەم هەوڵانە پووچەڵ دەکاتەوە، پلانەکانیان لەبار دەبا، بەڵى، ئیمە چەند کورسییەکمان لەدەست دا، بەڵام متمانە و ڕاستگۆیى و دروستى کارمان بۆ ناوخۆ و دەرەوە سەڵماند، واتە بۆ ئێمە هەنگاوێکى ستراتیجى بوو ، بویە مێژوویەک کە لە داهاتودا دەتوانرێت سودى گەورەى لێ ببینرێت بە تایبەت بۆ بونیادنانى پەیوەندییەکان وکردنى بە پردى پەیوەندى نێوان خۆمان و وڵاتە زلهێزەکان، چونکە دەبێت ئەوەمان لە بەر چاو بێت لە زۆربەى دەوڵەتە کان لایەن وپارتە ئیسلامیەکان ناتوانن بەتەنها خۆیان بگەنە دەسەڵات ودەسەڵات بگرنە دەست، ئیسلامییەکان بەرگریکاریان نیە ، بێ پارێزەرن ، پیلانیان دژ دەکرێت ، غەریب ونامۆن لەناو کۆمەڵگە و دەوروبەریان ، کاریان یاساغ کراوە ، بێبەش دەکرێن لە داهات و بێبەشدەکرێن لە هەموو ئیمتیازاتێکىء وڵاتەکانیان، تەنها لەبەر ئەوەى ئیسلامیین، بەڵام لەڕێگەى هاوپەیمانییەوە هەموو ئەم کیشەء گرفتانە چارەسەر دەکرێن و بگرە دەگەینە چەندین ئامانجى گرنگ بە پێکهێنانى هاوپەیمانى لەگەڵ لایەنەکانیتردا میژووى لایەنە ئیسلامیەکانیش باشترین بەڵگەن لەسەر ئەم راستییانە . کێشەمان لە کوردستان بوونى هاوپەیمانییەکە نەبوو بەڵکو بونى هەندیک کێشە وکەم وکورتى لە خۆمان و پاشان کەم وکورتى لە شێوەى پێکهێنانى هاوپەیمانیەکە بوو، چونکە گەر ئیستاش هاوپەیمانى نەکەین بۆ داهاتوو هەر ناچارین و بە هاوپەیمانى دەتوانین ئەو دیوارە ئەستورانەى دەسەڵات ببڕین، بەهاوپەیمانى دەتوانین مافەکانمان بگەرێنینەوەء بوارى کار و بانگەوازء پایەى کۆمەڵى ئیسلامى بەهێزترء کاراتر بکەین.

