بەخۆداچوونەوە، بەڵام پاش..؟
ئارام قادر*
لەم ماوەیەدا لە نێو زیندانەکانی میسردا سەید ئیمام کە بە دکتۆر فەزڵ بەناوبانگە لە نێو رێکخستنەکانی کۆمەڵی جیهاد بە ناوی عەبدولقادر عەبدولعەزیز نێوی دەرکردووە لە ناو رابوونی ئیسلامی بەهۆی کتێبەکەی (العمدة فی إعداد العدة) هێرشێکی توندی کردە سەر رێکخراوی قاعیدە و هەردوو سەرکردە ناودارەکەی (ئوسامە بن لادن و ئەیمەن زەواهیری) و ناوزەدی کردن بەوەی بوونەتە هۆی رووخاندنی دەوڵەتی تالیبان و هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە رێکخراوی قاعیدە خاوەنی موفتی و زانا و بیریاریکی هەڵکەتوو نین و ئەوەی ئوسامە بن لادن دەیڵێت هەرئەوە کاری پێدەکرێت، داوای لێکردن کە واز لەو تێڕوانین و هەڵوێستانەیان بهێنن کە بوونەتە کێشە و گرفت بۆ نەتەوەی ئیسلامی. دیارە دکتۆر فەزل بەوە وەسف دەکرێت کە مامۆستای دکتۆر ئەیمەن زەواهیریە و تێڕوانینەکانی قاعیدە زۆرتر سەرچاوەیان لە زانست و بیرو بۆچوونەکانی ئەم پیاوە وەرگرتووە – ئەم هێرشە راستەوخۆیەی دکتۆر فەزل پاش ئەوە هات کە بە (15) ئەلقە بەخوداچوونەوەی ئەنجامدا لەو تێڕوانین و بۆچوونانەی کە لەرابردوودا هەیبووە، ڕای گەیاند کە ئەوبەرەیە لە هەرخوێنێک کە دەڕژێت بەهۆی تێڕوانین و نووسراوەکانی پیشتری بەتایبەت (العمدە فی اعداد العدە) و پێش سەید ئیمامیش کۆمەڵی ئیسلامی میسر بە پینج نووسراو بەخودا چوونەوەکانی خۆیان راگەیاند کە بەکۆڕای سەرکردایەتیی تێڕوانینەکانیان تۆمارکردووە لە زینداندا و پاشان بڵاوکرایەوە، لەوانەش کرم زوهدی ئەمینداری کۆمەڵی ئیسلامی میسر دکتۆر ناجیح ئیبراهیم و عیسامەدین دربالە کە ناودارترین سەرکردە و زانای کۆمەڵی ئیسلامی میسرین – ئەم بەخودا چوونەوانە هەنگاوی بە جورئەت و لێهاتوانەیە و پێویستە هەموولایەک دەست خۆشییان لی بکات و ئەمەش لە مێژووی ئیسلامدا بووە و دوبارە دە بێتەوە لەوانەش ئیمامی شافیعی کە لە بەغداد بووە فەتوا و رایەکی هەبووە، بەڵام کە رۆشتوەتە میسر فەتواو راکانی بەغدادی گۆڕیوە – زیان لە نیوی بگەڕێتەوە باشترە و ئەوکەسەی دان بە هەڵە و نارێکییەکانیدا بنێت چاکە بۆخۆی تۆمار دەکات، کەس لە جیهاندا بێ هەڵە و کەموکورتی نییە، تەنها پیغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) نەبێت – بەڵام لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێک بکەین ئەویش ئەوەیە خۆزگە ئەو وردبوونەوە و لێکدانەوە شەرعیانەی ئێستا ئەو بەڕێزانە پێی گەشتون پێش هەنگاوە سیاسی و عەسکەرییەکانیان بیانکردایە و زوتر وردبوونایەتەوە لە پەڕاوە فیقهییە دێرینەکان، واتە بەخودا چوونەوە باشە، بەڵام پاش چی پاش ئەوەی هەزارەها لە لاوان بوونە قۆچی قوربانی ئەو تێڕوانین و بۆچوونانە – پاش ئەوەی هەزارەها لە لاوان دەربەدەر و ئاوارە بوون لە ماڵ و نیشتمانی خۆیان بە هۆی هەڵوێست نواندنیان لەسەر بنەمای ئەو تێڕوانین و نووسراوانە، پاش ئەوەی چەندین هەل و کات لەدەست بزووتنەوە ئیسلامییەکان چوو بە هۆی ئەو بیروڕایانەوە، بزووتنەوە ئیسلامییەکان دواکەوتن لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی و لە جیاتی خاوەن ماڵ بوونەتە میوان – پەند و ئامۆژگاری ئەم بەخۆداچوونەوانە بۆ لاوانی ئێستا و داهاتوو نابێت تەنها لەو بیروڕایانە بێت کە ئێستا بیدرکێنن، بەڵکو دەبێت ئەم دیاردەیە بکەینە سەرەتای چاکسازی و گۆڕانکاری بۆ دەبێت بزووتنەوە ئیسلامییەکان هەمیشە پاش روخانی بەسرە و پاش ماڵوێرانبوونی خەڵکی بەسرە بێدار ببنەوە و ئەزموون وەربگرن؟! بۆ دەبێت پاش کێشەکان ئێمە بەخودا بێینەوە بیر بکەینەوە؟! بۆ لە پێش کێشە و ئالۆزییەکان و پیش هەنگاونان و بریاردان بیرنەکینەوە نەخشەمان نەبیت؟! لەم کارەساتەش ترسناکتر و جەرگ بڕتر ئەوەیە ئەو ئەزموونەی ئێستا لە میسر وەرگیراوە بزووتنەوکانی تر هیچ پەند و ئامۆژگاری لێوەرناگرن، حاڵەتی ئیسلامی وڵاتانی تر تا خۆیان بەئاگر نەسووتێن پەند وەرناگرن، خۆیان ئەو قەناعەتەیان کە هەیە دەبێت تاقی بکەنەوەو بە سەریدا تێبپەرن و بە ئەنجامی بگەیەنن ئەوکات بیر لەوە دەکەنەوە ئەو هەنگاو و هەڵوێستانە لە شوێنی خۆیدا نەبووە!! زۆربەی بزووتنەوە ئیسلامییەکان نەبوونی نەخشە و بیرنەکردنەوە لە چارەنووسی حاڵەتی ئیسلامی و نەبوونی پلان بەتاوان نازانن، واهەست دەکەن نابێتە هۆی تاوانباربوون و گوناهباربونیان، چونکە ئەو بریار و بۆچوونانە گەرهەڵەش بێت هێشتا هەر چاوەڕێی پاداشتیک دەکات، گوایە ئیجتهادی کردووە و هەڵەی کردووە لە ئیجتهادەکەیدا، کە ئەمەش پێچەوانەی بیروبۆچوونی ئیسلامە سەبارەت بە قورسی و گرانی ئەو ئەرکەی دەسەڵاتدار و بەرپرسان دەیگرنە ئەستۆ کە تەنها کاریان بریتی نییە لە بریاردان و بەڕێوەبردنێکی رۆتینی بۆ کاروبارەکان، بەڵکو دەبێت چۆن بەرژەوەندی خەڵک و ئاینی ئیسلام دێتە دی بەو ئاڕاستەیە کار بکات نەک بەو شێوازەی خۆی پێی خۆشە یان پێی قایلە، ئەوەش بیرکردنەوە و لێکدانەوە و پرس و ڕاو هەڵسەنگاندنی کاری دەوربەر و توانای خۆ و هێزی بەرانبەری دەوێت، بێگومان هەر ئەمەشە وایکردووە لە زۆربەی بزافە ئیسلامییەکان لە جیهاندا کە تا ئێستا نەگەشتوونەتە دەسەڵات و لە زۆربەی وڵاتاندا لەبری دەسەڵات زیندان بووەتە جێگەیان و لە بری ئەوەی لە دەسەڵاتدا بن بوونەتە نەیاری دەسەڵات و دژی دەسەڵات کاردەکەن واهەست دەکەن کە ئیسلامییەکان هەمیشە دەبێت دژی حاڵەتی ئێستا و واقعی ئەمرۆ بن جا ئەو واقیعە هەرچۆن بێت!! کاری ئیسلامی پێویستی بە وردبوونەوەیەکی فیقهی زیاتر و زۆرتر هەیە، چونکە پەیوەستە بە بەرژەوەندی و ژیان و حاڵەتی گشتییەوە، لێکۆڵینەوەی نوێی دەوێت کە نابێت تەنها دەقە فیقهیەکانی زانایانی رابردوو بهێنین و بمانەوێت لە حاڵەتی ئێستادا بیانچەسپێنین بێ بیرکردنەوە لەو واقیعەی ئێستا خەڵک و حاڵەتی ئیسلامی تیدایە.
* ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی

