تیرۆركردنی دۆزی كورد له پێناو چیدا ؟
ئارام قادر:
پاش هه‌ڵبژاردنی 7/3/2010، پێكهێنانی ئیئتیلافی لیسته كوردستانییه‌كان و پێكه‌وه كۆبوونه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن و هه‌ردوو لیستی ده‌سه‌ڵات، وێنایه‌كی جوانی كێشابوو له به‌رده‌م میدیاكانی ناوخۆ و جیهان، ئه‌زموونێكی نوێ و سه‌ركه‌وتوو بوو، هه‌رچه‌نده له وڵاتانی دیكه ئه‌زموونی پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كدی خوێندنه‌وه و قه‌بوڵكردنی یه‌كدی له قۆناغێكی زۆر پێشكه‌توودایه، به‌ڵام بۆ كوردستان ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی باشبوو، كه له ناوخۆی كوردستان هه‌ندێك حزب له ده‌سه‌ڵاتدان و هه‌ندێكی دیكه له ئۆپۆزسیۆن و ره‌خنه‌گرتن و ململانێی سیاسیی له نێواندا به شێوه‌یه‌كی زۆر دیار و به‌رچاو به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام بۆ رۆیشتن بۆ به‌غداد هه‌موو یه‌كهه‌ڵوێستن و به یه‌ك ئاڕاسته كار ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و چاره‌نووسسازی كورده.
ره‌خنه و ره‌خنه له‌خۆگرتن له په‌رله‌مانی كوردستان و له ناو كوردستان بووه‌ته دیارده‌یه‌كی سروشتی و ململانێی سیاسیی بووه‌ته نه‌ریتێكی سه‌رده‌میانه بێئه‌وه‌ی بگاته ئاڵۆزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و تێكدانی ره‌وتی سیاسیی، هه‌رچه‌نده لیسته‌كانی ئۆپۆزسیۆن ئومێدی ئه‌وه‌مان ده‌خواست ئه‌م ره‌وت و ئاڕاسته‌یه به‌ره‌و چاكتر و پێشكه‌وتووتر بڕوات، چونكه له لایه‌ن هه‌ندێك ده‌زگا و كه‌سایه‌تیی سیاسییه‌وه هێشتا مه‌سه‌له‌ی ئۆپۆزسیۆنی پێ قه‌بوڵ نییه و به چاوێكی گومان و دوودڵییه‌وه بۆی ده‌ڕوانن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا سه‌ره‌تا و هه‌نگاوێكی نوێ بوو، گه‌شبینی و هیوا دروست ببوون بۆ رۆڵه‌كانی ئێستای كورد و نه‌وه‌كانی داهاتوو، كه دۆزی كورد به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی روون ده‌ڕوات و له‌مپه‌ر و ئاسته‌نگه‌كان ده‌بڕێت و به‌ره‌و مه‌نزڵگای پێكه‌وه‌ژیان و چه‌سپاندنی سیستمی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام به داخه‌وه، فڕاندن و تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان كه كارێكی چاوه‌ڕێنه‌كراو بوو، بوویه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌یه‌كی زۆر ترسناك، كه ئه‌ویش ده‌ستكردنه به هێرشی راگه‌یاندن له نێوان حزب و لایه‌نه‌كان، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای تیرۆركردنی دۆزی كورد و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خاڵی سفر.
بێگومان كاری تیرۆركردنی سه‌رده‌شت و موحه‌ممه‌د شێخ تاهیر هه‌ر ده‌زگا و كه‌سایه‌تی و لایه‌نێك كردبێتنی و هه‌ر پاساو و بیانوویه‌كیان له پشته‌وه بووبێت، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره و كوشنده بوو، تاوانێكی گه‌وره بوو به‌رانبه‌ر به قوتابیان و رۆژنامه‌نووسان و هاووڵاتیانی كورد، له سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه سته‌م و ناڕه‌واییه‌كی گه‌وره بوو به‌رانبه‌ر به سیستمی سیاسیی كوردستان، پێش هه‌موو شتێك زیانی له دۆزی كورد دا و ئاستی سیاسیی كوردی گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه، تیرۆركردنی دۆزی كورده له پێناو به‌رگرییكردن له حزب، تیرۆركردنی دۆزی كورده له پێناو پیرۆزییه‌كانی حزب، كوشتنی كه‌سێك له لای خوای گه‌وره وه‌ك ئه‌وه وایه هه‌موو مرۆڤایه‌تیت كوشتبێت و رێگرتن له كوشتنی تاكێك (جا هه‌ر بیروڕایه‌كی هه‌بێت) وه‌ك ئه‌وه وایه ژیانت به‌خشیبێت به هه‌موو مرۆڤایه‌تی: (من قتل نفسا بغیر نفس أو فساد فی ألا‌رض فكأنما قتل الناس جمیعا ومن احیاها فكانما احیا الناس جمیعا).
مه‌سه‌له‌كه بریتییه له چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه‌دا، بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕیته‌وه كه تا ئێستا كه‌لتووری ره‌خنه‌له‌خۆگرتن سه‌قامگیر نه‌بووه، ره‌خنه و ململانێی سیاسیی نه‌بوونه‌ته سیستم و به یاسا رێك نه‌خراون، دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی ته‌نها لافیته و دروشم بوون، كه ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین به‌ڵا ده‌بێت بۆ داهاتووی كوردستان، چونكه دیموكراسیبوون و مافی مرۆڤ و ئازادیی راده‌ربرین به دروشم و مانشێته‌كان نایه‌نه دی، به‌ڵكو ده‌بێت بكرێنه واقیع و له كرداری سیاسیی و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییدا ره‌نگ بده‌نه‌وه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش قوربانیدانی ده‌وێت به‌تایبه‌ت له لایه‌ن ئه‌و حزبانه‌ی كه ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست.
من لێره‌دا پرسیارێك ده‌كه‌م: ئایا كه ره‌خنه‌كان سنوور ده‌به‌زێنن و ده‌گه‌نه رادده‌ی ته‌شهیر و ناوزڕاندن، رێگای یاسایی باشتر ده‌بێت، یان هه‌ڵوێستی كوشتن و فڕاندن و تۆقاندنی خه‌ڵك و هاووڵاتیانی كورد؟! دیاره به به‌رزكردنه‌ی سكاڵایه‌ك بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نووسێك، یان ده‌زگایه‌ك گه‌وره‌ترین مه‌دالیای سه‌ركه‌وتن بۆ سیستمی سیاسیی كوردستان تۆمار ده‌كرا، داننان به هه‌ڵه و كه‌موكورتییه‌كان باشتره، یان هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه كۆنه‌كان، ملكه‌چبوون بۆ یاسا و قه‌بوڵكردنی ره‌خنه‌ی جه‌ماوه‌ر باشتره یان شه‌ڕی راگه‌یاندن، ره‌خنه‌و ره‌خنه‌ی زانستی باشتره له راگه‌یاندنه‌كاندا به‌رپا بكرێن، یان باسكردنی شه‌ڕی ناوخۆ و لاپه‌ڕه‌كانی رابردوو؟! كه بێگومان دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه هه‌موولایه‌ك به هه‌ڵه‌ی داده‌نێن، جه‌ماوه‌ریش له هه‌موو لایه‌نه‌كان زیاتر زیانمه‌ند بووه لێی، جه‌ماوه‌ر نایه‌وێت رابردوو هه‌ڵبدرێته‌وه، جه‌ماوه‌ر ئه‌مڕۆ پیوستی به خزمه‌تگوزاریی و په‌ره‌پێدانی كاروباری ته‌ندروستی و ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه.
ئه‌م دیارده‌یه‌ی له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌دا به‌رپا كراوه، گه‌وره‌ترین زیان به پرسی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی كورد ده‌گه‌یه‌نێت، تیرۆركردنی پرسی كورده به شیوازێكی نوێ، من یه‌ك نموونه ده‌هێنمه‌وه، پیش ئه‌م رووداوه ره‌وه‌ندی كوردیی له ئه‌وروپا ئومێدیان په‌یدا كردبوو به بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردستان، كه زۆربه‌یان چاوه‌ڕێ بوون ماوه‌یه‌كی تر به‌ره‌و كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه و ئه‌وانیش ده‌ست بده‌نه خزمه‌تكردنی میلله‌ت، هیوایان بۆ دروست ببوو كه نیشتمانه‌كه‌یان ئارامه و یاسا ورده‌ورده خه‌ریكه ببێته سه‌روه‌ری هه‌موو لایه‌ك، چونكه زۆربه‌ی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی له رابردوودا په‌نایان بۆ وڵاتان بردبوو، له‌به‌ر بارودۆخی ئابووریی و سیاسیی كوردستانیان چۆڵ كردبوو، به‌ڵام ئه‌م رووداوانه‌ی دوایی كوردستان له هه‌ولێر و سلێمانی وای له زۆربه‌ی ره‌وه‌ندی كوردیی كردووه بێهیوا ببنه‌وه و ئه‌وانه‌ی نه‌خشه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌شیان هه‌بوو بێت بۆ كوردستان، په‌شیمان ببنه‌وه، گه‌ر هاووڵاتیانی كورد كه نیشمانی خۆیانه وا بیر بكه‌نه‌وه، ئه‌ی چۆن كۆمپانیا و رێكخراو و هاووڵاتیانی بیانی كه بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان كارده‌كه‌ن، چۆن روو ده‌كه‌نه كوردستان و پرۆژه‌كانیان ده‌هێنن بۆ خزمه‌تكردن؟!!
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیار و بارودۆخه له لای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه!!

