ڕوونکردنەوە: لیستى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان ڕوونکردنەوەیەک ئاڕاستەى ڕاى گشتى دەکات
سەنتەرى ڕۆژنامەوانى لیستى کۆمەڵى ئیسلامى:
لە کاتێکدا هەموومان بە هیواى کاراکردنى ڕۆڵى پەرلەمانینء دەمانەوێ خەمء نەهامەتییەکانى خەڵکى کوردستان کۆتایى پێبێنین، سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان ڕوونکردنەوەیەکى سەبارەت بەهەندێک پرس بڵاوکردوەتەوە کە جێگاى سەرنجدانە، بۆیەش بە پێویستمان زانى وەک لیستى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ڕاى گشتى ڕابگەیەنین:
یەکەم:لیستى کۆمەڵى ئیسلامى لیستێکى ئۆپۆزسیۆنى ناو پەرلەمانى کوردستانە و بە ڕێگە یاساییەکان خەبات دەکات لەپَیناو ڕووبەروبونەوەى گەندەڵى و دژایەتى هەموو دیاردە دزێوەکانى خراپ بەکارهێنانى سامانى گشتى وکەموکورتى ئیدارى وتیکەڵکردنى حزب وحکومەت .
دووەم: ئەو پێشنیارانەى کە بە شێوەى پڕۆژە، پێشنیار، یاداشتنامە، پڕۆژە بڕیار ... تاد پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کراون بە ئاشکرا بوونء هەمووشیان ئەوپەڕى دڵسۆزىء خەمخۆرییان بۆ پەرلەمانء خەڵکى بە گشتى لێدەخوێنرێتەوەء ئاڕاستەى کاریشمان بۆ کاراکردنى پەرلەمان و سەروەربوونى یاسایە.
سێیەم: ئەو پێشنیارەى ئێمە وەک فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى سەبارەت بە بابەتى (کڕینى ئۆتۆمبێل) بۆ پەرلەمانتاران پێشکەشمان کردووە، ئەوە پێشنیاری ئیمە بووەء سەرۆکایەتى پەرلەمان خۆى سەرپشکە لە بڕیاردان بەڵام داکۆکى لە پێشنیارەکەشمان ئەکەینء ڕایدەگەیەنین وەک میکانیزمێکى یاسایى نێودەوڵەتى هەموو بەرپرسیارییەتییەک (پەرلەمانتارى بە نمونە) پێویستى بە هۆکارى گواستنەوە هەیە بەڵام پێویستە ئەوە موڵکى پەرلەمان بێت و ئەوەشمان وتووە کە هەموو مەسروفاتێکى ئۆتۆمبێلەکە لە ئەستۆى پەرلەمانتاردا دەبێت ئەوەش لە پێناو پاراستنء بەهەدەر نەچوونى سامانى گشتىء پراکتیزەکردنى عەدالەتە لە کۆمەڵگەدا.
چوارەم: ئێمە وەک لیستێکى ئیسلامى ناو پەرلەمانى کوردستان ئەوە بە سیستەمء پڕەنسیپى کارمان ئەزانین کە مادام ئۆتۆمبێل، پارە یان هەر شتێکیتر موڵکى پەرلەمان یان دەزگایەکى حکومى بوو جگە لەو کارەى کە لە چوارچێوەى دەزگا و ئەرکە فەرمیەکەدا پێى دەکرێت، هەر جۆرە کارپێکردنێکى تایبەت بە (حەرام) ئەزانین ئەوەش هەڵقوڵاوى باوەڕى یەکانگیرمانە لەگەڵ بنەماى ئیسلامى.
پێنجەم: ئێمە لە ناو هۆڵى پەرلەمانء بە ئاشکرا داواى کەمکردنەوەى 25% ى بودجەى هەریەک لە (سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران، سەرۆکایەتى پەرلەمان، سەرۆکایەتى هەریم) مان کردووەء لە برى ئەوەش داواکار بووین کە بۆ پڕۆژەى هاوسەرگیرى گەنجانء لاوانى کوردستان تەرخانبکرێت، بەڵام پیشنیارەکەمان رەد کرایەوە.
شەشەم: ئێمە وەک لیستى کۆمەڵى ئیسلامى لە سەر بنەماى ئازادى ڕۆژنامەگەرى داواى کردنەوەى هۆڵى پەرلەمانمان کردووە بەڕووى ڕۆژنامەنوساندا ئەوەش لە پێناو بڵاوبوونەوەى هۆشیارى گشتىء بوونى شەفافییەت لە کارء پڕۆژەکانى پەرلەمانى کوردستانء سنوردارکردنى ڕێگەدان بە ڕاگەیاندنى پەرلەمان کە ئەوە سنورداکردنى ئازادییە و نەهیشتنى شەفافییەتى راگەیاندنە لەکوردستان ئەمەش بۆ ئەوەى خەڵک ئەداى کارى پەرلەمان ونوێنەرانى خۆى بزانێت کە لەناو هۆڵى پەرلەماندا جگە لەوەش ئەوە بە مافێکى ڕۆشنبیرانء ڕۆژنامەنوسان دەزانین کە ئەمە مافى هەموو هاونیشتیمانییەکە و ئەوانەشى کە لە بوارى ڕاگەیاندندا کار ئەکەن بە پێى مادەى53 ى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان.
لە کۆتاییشدا ئیمە وەک لیستى کۆمەڵ دژى هەموو دیاردەیەکەى گەندەڵى و بەفیرۆدانى سامانى گشتین لە هەر دەسەڵات وئاستێکەوە ئەو دیاردانە ڕووبدات دەیانخەینە ڕوو بۆ ڕاى گشتى و لە پَیناو دادگەرى و ئازادیدا خەباتى سیاسى دەکەین وخۆمان بە بەرگریکارى مافەکانى خەڵک دەزانین و هەر بۆ ئەوەش ئاڕاستەى ئۆپۆزسیۆنمان هەڵبژاردووە لەناو پەرلەمانداء بە دڵنیاییشەوە ئەم جۆرە نوسراوانە ساردمان ناکاتەوە لە بەدواداچوونى کاروبارى حکومەتء چاودێرى کردنى دەسەڵاتەکانیترى هەرێمى کوردستان.
سەنتەرى ڕۆژنامەوانى
لیستى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان
5/6/2010

