ڕوونکردنەوەیەک لە سەنتەرى ڕۆژنامەوانى لیستى کۆمەڵى ئیسلامییەوە سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەى ڕێکخراوى (ASK) لەسەر رۆلى ئۆپۆزسیۆن
ئاشکرایە کە ئەزموونى ئۆپۆزسیۆن لە کوردستاندا ئەزموونێکى نوێیەء بە بەراورد بە بارودۆخى هەرێمى کوردستانیش تا ڕادەیەکى باش توانراوە بە کۆدەنگى هەر سێ لیستى پێکهاتەى ئۆپۆزسیۆن هەنگاوى جیددى بنرێتء پەنجە بخرێتە سەر ناتەواوییەکانء لە برى ئەوانەش میکانیزمء هەنگاوى کردارى پێشنیار کراون ، بۆیەش ئێمە لە لیستى کۆمەڵى ئیسلامى وەک بەشێکى ئۆپۆزسیۆن بە گرنگى دەزانین لە سەروبەندى بڵاوبوونەوەى ڕاپۆرتى ڕێکخراوى (ASK) سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆن ئەم ڕوونکردنەوە ڕۆژنامەوانیە ڕابگەیەنین:
1. لە سەر بنەماى باوەڕبوونمان بە ڕەخنەء ڕەخنە لەخۆگرتنء هەنگاونان بەرەو باشتر بەڕێوەچوونى ئەداى کارەکانمان دەستخۆشى لە هەر دەزگاء میدیایەک دەکەین کە بە دۆکیۆمێنت هەوڵى هەڵسەنگاندنى کارەکانمان بدات ئەوەش بە دڵنیاییەوە وزەیەکى نوێمان پێدەبەخشێت، بۆیەش ئەم ڕاپۆرتەى ڕێکخراوى (ASK) بە دەستپێشخەرییەکى باش دەزانینء بە هەنگاوێکى کردارى دەنرخێنین بە مەبەستى بڵاکردنەوەى هۆشیارى سەبارەت بە چەمکى ئۆپۆزسیۆن وچۆنیەتى مامەڵە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، ئەوەش لە پێناو زیاتر خزمەتکردنى جەماوەرى هەرێمى کوردستان.
2. لە خاڵى چوارەمى ڕاپۆرتەکەدا سەبارەت بەشێوازى مامەڵەکردن و گوتارى ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە دەسەڵات ئاماژە بەوە کراوە کە (کۆمەڵى ئیسلامى ئەگەرچى هەڵوێستێکى روون و ئاشکرایان نییە، بەڵام لە دیدى ئەوانەوە دەبێت بەکارى باش بوترێت باش و بەهەڵەش بوترێت هەڵە)، بەڵام بە ڕاستى ئێمە هەڵویستمان روونء ئاشکرایەء هێزیکى ئۆپۆزسیۆنى کوردستانینء کار بۆ ئەوە دەکەین گەندەڵى و کەم و کورتى و ناتەواوییەکانى دەسەڵات بخەینەڕوو بۆ جەماوەر لە ڕێگاى چاودێرى حکومەت، لە هەمانکاتدا پڕۆژەء پێشنیارى سودبەخشیش پێشکەش بکەین واتە ئۆپۆزسبوونمان تەنها ڕەخنەء توانج نیە بەڵکو بەدیلیەکانیش دەخەینە ڕوو.
3. هەڵەیەکیتر کە لە ڕاپۆرتەدا نوێنراوە ئەوەیە کە لە خاڵى پێنجەمدا هاتووە (هەریەکە لە یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان باوەڕیان وایە کە لە خولى دووەمى پەلەماندا لە دەرەوەى ئیرادەى سیاسى خۆیان بەشدارییان پێکراوە)، سەبارەت بەوەش ئێمە لە لیستى کۆمەڵى ئیسلامییەوە ڕایدەگەیەنین، سەبارەت بە خولى دووەم ئێمە بەشداریمان لە حکومەت کردوە وەک قەناعەتێکى سیاسى خۆمان و بەشداریمان لە پێناو خزمەتکردندا بووە هەر چۆن ئێستا دەبینین کە (ئۆپۆزسیۆن) بوونمان خزمەتکردنە بەڵام بە داخەوە حکومەت بۆ جوانکردنى دەسەڵاتى خۆى دەیویست حزبەکانیتر بەشدارى پێبکات نەک بۆ پێکهێنانى حکومەتێکى هاوبەشى هەمەلایەنە.
لە کۆتاییشدا بە پێویستى دەزانین ئاماژە بەوە بکەین کە ئەو دووخاڵە گوزارش لە ڕاى ئێمە نیە لە کاتى چاوپێکەوتنەکانداء شیکارى ئامادەکارى ڕاپۆرتەکەیە، پێش بڵاوبوونەوەى ئەم ڕاپۆرتە ئێمە سەرنجەکانى خۆمان بە ڕێکخراوى (ASK) گەیاندء بەڵێنیان پێداین کە لەگەڵ ڕاپۆرتەکەیاندا تێبینىء سەرنجەکانى ئێمەش بڵاو بکەنەوە بەڵام بەڵێنەکەیان نەبردە سەر.
سەنتەرى ڕۆژنامەوانى
لیستى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان
10-6-2010

