دەقى لێدوانى (ئارام قادر) بۆ کەناڵى ئاسمانى پەیام ، لەبارەى هەموارکردنى یاساى ئەنجومى پارێزگاکان
(ئارام قادر) سەرۆکى لیستى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى لەبارەى دانیشتنەکەى دوێنێ و پەرلەمان چەند تێبینیەک دەخاتە ڕوو بۆ کەناڵى
ئاسمانى (پەیام) ، دەڵێ : کۆبوونەوەى دوێنێى پەرلەمان لەسەر گفتوگۆکردن بوو لەسەر یاساى هەموارکردنى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان ، ئەم یاسایە لەبەر ئەوەى کە ڕەهەندى نیشتیمانى و سیاسى هەیە پێویستە بە تەوافوقى نێوان فراکسیۆنەکان بێت ، وە هەموو بڕگەو ماددەکانى گفتوگۆى لەسەر کرا ، بەڵام دەنگدان خرایە ڕۆژى سێشەممەى داهاتوو کاتژمێر (11)ى پێش نیوەڕۆ ، وە کۆمەڵێک بڕگەو ماددە هەیە کە پێویستە لەنێوان فراکسیۆنەکاندا بگەینە تەوافوق بە تایبەتى یەکێک لەو خاڵانە مەسەى پاراستنى بنکەو سندوقەکانى دەنگدانە کە ئێمە پێشنیارمان کردووە پسپێردرێ بە وەزارەتى (ناوەخۆ) ، وە هەروەها سەبارەت بەدروست نەکردنى لیستى نوێ یە کە فۆڕمى (111) ناودەبرێ ، کە لە ڕۆژى دەنگدانى گشتیدا ئەم لیستە دروست نەکرێتەوە لە پێناو ئەوەى کە هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت ، وە بڕیارە لیژنەى (یاسایى و ناوەخۆ) ڕۆژى یەکشەممە جارێکى تر کۆببێتەوە بۆ ئەوەى ڕاپۆرتەکە ئامادە بکات و بە شێوازێکى تەوافوقى ڕاپۆڕتەکە بچێتە ناو پەرلەمان بۆ ئەوەى دەنگدانى لەسەر بکرێت .


