" ئارام قادر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ نوچه: " له كۆنگره‌دا خۆم هه‌ڵنابژێرمه‌وه و گۆڕانكاری باشیش ده‌كه‌ین
نوچه‌نێت: رێبوار ره‌زا چوچانی
ئارام قادر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له په‌رله‌مانی كوردستان به نوچه‌ی راگه‌یاند، له كۆنگره‌دا حیزبه‌كه‌ی گۆڕانكاری ده‌كات و به‌شێك له ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵ خۆیان هه‌ڵنابژێرنه‌وه.
ئارام قادر وتی "له‌ناو كۆنگره‌دا ده‌مانه‌وێت كۆمه‌ڵێك گۆرانكاری و پرۆژه‌ی باش پێشكه‌ش بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه له‌كۆنگره‌دا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێـت و ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت. هه‌وڵیش ده‌ده‌ین كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووبێت"، ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵ ئاشكرای كرد، كه خۆی و به‌شێك له سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كه‌ی له‌و كۆنگره‌یه‌دا خۆیان هه‌ڵنابژێرنه‌وه، هۆكاره‌كه‌شی گه‌ڕانده‌وه بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی گه‌نجی حیزبه‌كه‌ی، تا خۆیان له‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌دا ببیننه‌وه، وتی "بۆئه‌وه‌ی ئێمه بیسه‌لمێنین چۆن له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا ده‌مانه‌وێت ئاڵوگۆڕ هه‌بێت، له‌ناو حیزبیشدا ئه‌و دیارده‌یه پیاده بكه‌ین، ئه‌مه‌ش ده‌بێـه مایه‌ی به‌هێزبوونی حیزب نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه".
ئارام قادر ره‌تی كرده‌وه، كه‌وا له ناو كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌دا باڵ باڵێنه بوونی هه‌بێت، وتی "من ئه‌وه دوپات ده‌كه‌مه‌وه له‌ناو كۆمه‌ڵدا، مه‌سه‌له‌یی كوتله و نه‌هزه‌یی و بزوووتنه‌وه‌یی بۆته رابردوو، جارێكی تر دووباره نابێـته‌وه، بێگومان ئه‌وه قۆناغێك بوو له‌سه‌رده‌می بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبووندا، له‌به‌ر ئه‌وه ئێستا هه‌موو له‌ژێر چه‌تری كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌دا ئیش ده‌كات، پێشموایه دیارده‌ی كوتله و خه‌ت سه‌رده‌مه‌كه‌ی به‌سه‌ر چووه. ئه‌و قسانه‌ش كه ده‌كرێت پڕوپاگه‌نده‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌یه".

