لێدوان

PostHeaderIcon سەرۆكى فراكسیۆنى كۆمەڵى ئیسلامى: "هەست دەكرێ دەستێك هەیە هەمیشە دەیەوێ پرۆژەیاساكانى ئۆپۆزسیۆن ڕەت بكرێنەوە"

ڕاپۆرتى: دلێر عەبدوڕەحمان.

كەركووك یەكى تەمووز/یۆلیۆ (ئاكانیوز)- لەكاتێكدا ئەو پرۆژەیاسا و بڕیارانەى لە پەرلەماندا پێشكێش دەكرێن بەپێى سیستمى زۆرینە پەسەند یان رەت دەكرێنەوە، ژمارەیەك لە لیستەكانى نێو پەرلەمان، بەتایبەت سێ لیستەكەى ئۆپۆسیۆن، نیگەرانیى خۆیان پێشان دەدەن لەوەى لیستى كوردستانى زۆرینەیى خۆی لە بەرژەوەندیى حكوومەت و لە دژى پرۆژەیاسا پێشكێشكراوەكانى ئۆپۆزسیۆن بەكار دێنێ، كوردستانییش پێى وایە سستمى زۆرینە سیستمێكى یاساییە و لیستەكەیش مافى خۆیەتى پێڕەوى لێ بكات.

ئارام قادر سەرۆكى فراكسیۆنى كۆمەڵى ئیسلامى بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) ى ڕاگەیاند "پێڕەوكردنى سیستمى زۆرینە نەك تەنیا لە پەرلەماندا بگرە لە هەموو كاروبارە سیاسییەكاندا، لە نێوخۆى حزب و ڕێكخراوە مەدەنى و پیشەییەكان و كاروبارى دەوڵەتیشدا پێڕەو دەكرێ، چونكە سیستمێكى لەوە گونجاوتر بۆ یەكلاكردنەوەى كێشەكان نییە، هەرچەندە ئەوەش كەموكورتى تێدایە".

بەبڕواى ناوبراو "كێشە لەوەدا نییە پرۆژەیاساكان لە پەرلەماندا بە زۆرینەى دەنگ پەسند دەكرێن، چونكە ئەوە باشترین سیستمە بۆ ئەمڕۆ، بەڵام كێشەكە لەوێدایە كە ئەندام پەرلەمان بە تێڕوانینێكى حزبییەوە بیر بكاتەوە و تەنیا نوێنەرى حزبەكەى بێ و فەرمانى لە حزبەكەیەوە بۆ بێت".

هەروەها گوتى "ئەگەر پەرلەمانتار ئازاد بێ و ئازادانە بڕیارى خۆى بدات و لە كاتى دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكاندا ویژدانى خۆى بكاتە پێوەر، ئەوكاتە زۆرینە باشترین ڕێگەیە بۆ یەكلاكردنەوەى بڕیارەكان".

قادر ئاماژەى بەوە دا كە "لە ڕابردوودا ئەو تێبینییانەى هەمانبووە لەسەر پرۆژەیاساكانن زۆرینەیان بەهەند وەرنەگیراون و پرۆژەیاساكانیش تێپەڕێنراون، لەكاتێكدا كەموكورتیى زۆریان تێدا بووە، بەتایبەت لە پرۆژەیاساى بودجەى 2010 دا كە بەزەقى بەفیڕۆدانى سامانى گشتى تێدا دیار بوو".

سەرۆكى فراكسیۆنى كۆمەڵى ئیسلامى نیگەرانیى خۆى دەربڕى لەوەى ئەو پرۆژەیاسایانەی وەك ئۆپۆزسیۆن پێشكێشى پەرلەمانیان كردوون بەتێڕوانینیەكى حزبییەوە سەیر كراون نەك تاچەند بۆ هاووڵاتییان سوودبەخشن و گوتى "هەست دەكرێ دەستێك هەیە هەمیشە دەیەوێ پرۆژەیاساكانى ئۆپۆزسیۆن ڕەت بكرێنەوە، لەبەرئەوەى لێژنەكانى پەرلەمانیش زۆرینەیان لە لیستى كوردستانین دەسەڵاتى ئەوەیان هەیە هەر لە لێژنەدا ڕاپۆرت بنووسن و ڕەتی بكەنەوە".

پەرلەمانى كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، لیستى كوردستانى (لیستى هاوبەشى پارتى دیموكراتى كوردستان و یەكێتیى نیشتمانیى كوردستان)، كە كابینەى شەشەمى حكوومەتى هەرێمى پێك هێناوە، 59 كورسیان هەیە.

لیستەكانى ئۆپۆزسیۆنیش كە لە هەر سێ لیستى گۆڕان و یەكگرتووى ئیسلامى و كۆمەڵى ئیسلامى پێك دێ، خاوەنى 35 كورسین. بزووتنەوەى ئیسلامیش 2 كورسی هەیە.

ڕەفیق سابیر سەرۆكى لێژنەى دەستپاكى لە پەرلەمانى كوردستان لەسەر فراكسیۆنى كوردستانى (لە لیستى یەكێتیى نیشتمانی) پێى وایە پەسەندكردنى پرۆژەیاساكان بەزۆرینەى دەنگ بەشێكە لە سیستمى دیموكراسی. هاوكات جەختى لەوە كردەوە كە نابێت زۆرینە هەوڵ بدات زۆرینەیی خۆى وەكو قامچییەك بەرامبەر بە كەمینە بەكار بێنىَ، بگرە پێویستە ئەوەندەى لەتوانایدایە لەگەڵ كەمینەدا گفتوگۆ بكات و بایەخ بۆ بۆچونەكانیان دابنێ.

سابیر بە (ئاكانیوز)ى ڕاگەیاند "بەشێك لە پرۆژەیاساكان حكوومەت بەپێی پێویستییەكانى خۆى دەیاننێرێ بۆ پەرلەمان بۆئەوەى كارەكانى لەچوارچێوەیەكى یاساییدا دیارى بكات، بەڵام دواجار ئەوە ئەندامانى پەرلەمان و فراكسیۆنەكانن كە دەبێ پرۆژەیاساكان بەشێوەیەك دەستكارى بكەن كە پەرلەمان بەباشی دەزانێ، نەك بەو شێوەیەى حكوومەت و دەسەڵاتى جێبەجێكار دەیانەوێ".

سەرۆكى لێژنەى دەستپاكى لە پەرلەمانى كوردستان گوتى "زۆر لە ڕەخنەكانی لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان لەسەر پرۆژەیاساكان لەجێى خۆیاندان، بۆیەش من دەنگم نەداوە بە پرۆژەیاساى حساباتى كۆتای ساڵى 2009 و درێژكردنەوەى ماوەى كاركردن بە پرۆژەیاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، چونكە پێم وا بووە كەموكوڕییان تێدایە و دەبوو ئەو كەموكوڕییانە نەهێڵرێن، لەگەڵ ئەوەشدا بۆچوونى پەرلەمانتارانى تر وا بووە كە باشترە تێپەڕێنرێ، بۆیە بە زۆرینەى دەنگ تێپەڕێنراوە".

سەمیر سەلیم ئەندامى پەرلەمانى كوردستان لە فراكسیۆنى یەكگرتووى ئیسلامى گوتى "لیستى زۆرینە لە پەرلەماندا بە دیوە خراپەكەیدا سوودى لە دیموكراسیەتى زۆرینە بینیوە، ئەوان دەیانتوانى ڕووبەرەكانى گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن فراوانتر بكەن و كەناڵەكانى لێكگەیشتن و ئاڵوگۆڕى بیروڕا زیاد بكەن بۆ ئەوەى بتوانین بگەینە ئەنجامى باش، بەڵام بەكارهێنانى زۆرینە بەشێوەیەك لەگەڵ بیروبۆچوونى خۆیاندا بگونجێ و پرۆژەیاسایەك هى خۆیان نەبێت ڕەتى بكەنەوە، ئۆباڵەكەى بەگەردنى خۆیانە".

سەلیم هەروەها گوتى "لیستى دەسەڵات دەیەوێ پرۆژەیاساكان بەشێوەیەك بن (بە بۆچوونى خۆیان) لە تواناى لێهاتنەكانى دەزگاى جێبەجێكردندا بێ".

ئەحمەد ئیبرهیم وەرتى سەرۆكى فراكسیۆنى بزووتنەوەى ئیسلامى، كە لە حكوومەتدا بەشدارە، گوتى "لەبەرئەوەى لیستى كوردستانى لە پەرلەماندا زۆرینەیە، هەر پرۆژەیاسایەك مەبەستیان بێت دەتوانن تێی بپەڕێنن یان ڕەتى بكەنەوە، ئەمەش كاریگەرى نەرێنى هەبووە، چونكە هەندێ پرۆژەیاسا سەرەڕاى گرنگییان لەلایەن لیستى زۆرینەوە ڕەت كراونەتەوە، وەكو پرۆژەیاساى مادە هۆشبەرەكان و سەربەخۆیی دەستەى داواكارى گشتى و خوێندنى كراوە".

ئەو پەرلەمانتارە ئیسلامییە بۆ (ئاكانیوز) گوتى "پەرلەمان خەریكە دەبێتە دەسەڵاتى جێبەجێكردن، پەرلەمان پارێزەرى حكوومەت نییە بگرە چاودێرە بەسەر كارەكانى حكومەتەوە، بۆیە نابێ زۆرینەیی فراكسیۆنێك بقۆزرێتەوە بۆ ڕەتكردنەوەى پرۆژەیاسایەك كە سوودى هاووڵاتییانى تێدا بێت".

وەرتیش پێى وا بوو "لیستى زۆرینەى پەرلەمانى كوردستان لە هەندێ دۆخدا بە دیوە خراپەكەیدا سوودى لە سیستمى زۆرینە وەرگرتووە".

لە بەرامبەردا ڕۆژان عەبدولقادر بڕیاردەى لێژنەى یاسایی لەسەر فراكسیۆنى كوردستانى (لەسەر لیستى پارتى دیموكرات) پێى وایە "لیستى زۆرینە نوێنەرى زۆرینەى میلەتن و مافى خۆیانە داكۆكى لە مافەكانیان بكەن، پەسەندكردنى پرۆژەیاساكانیش هەر لەو چوارچێوەدایە و كارپێكردنى سیستمى زۆرینەش پێڕەى نێوخۆیی پەرلەمان دیاری كردووە و هیچ كێشەیەكى یاسایی تێدا نییە".

ناوبراو ڕەتی كردەوە لیستى زۆرینە (كوردستانى) پرۆژەیاساكانى بەو شێوەیە پەسەند كردبێ لە بەرژەوەندیى دەسەڵاتى جێبەجێكردندا بێ، بۆ ئەوەش باسى لەوە كرد كە پرۆژەیاساى ئەنجوومەنى وەزیران هەبووە لەلایەن فراكسیۆنەكەیانەوە ڕەت كراوەتەوە، هەروەك ئاماژەى بەوە دا كە "ئەو پرۆژەیاسایانەى لەلایەن حكوومەتەوە نێردراونەتە پەرلەمان، بەو شێوەیە پەسەند نەكراون كە حكوومەت ویستویەتى، بگرە بەو شێوەیە بووە كە پەرلەمانتاران ویستویانە".

لەبارەى ڕەتكردنەوەى پرۆژەیاساكانى ئۆپۆزسیۆنیش گوتى "دەبێت ئامار لەبەردەستدا بێت چەند پرۆژەى ئۆپۆزسیۆن ڕەت كراونەتەوە، ئەگینا ئەو تۆمەتباركردنە بێویژدانییە بەرامبەر پەرلەمان و لیستى زۆرینە دەكرێ".

لەبارەى بۆچوونى جیاوازى لیستەكانى نێو پەرلەمان لەمەڕ بەرەنجامەكانى پێڕەوكردنى سیستمى زۆرینە لە پەسندكردنى پرۆژەیاساكان و گلەییەكانى لیستەكانى ئۆپۆزسیۆن لە لیستى زۆرینە، یوسف محەمەد مامۆستاى زانكۆى سلێمانى و شارەزا لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا، گوتى "پەرلەمانى كوردستان بە دیوە خراپەكەیدا سوودى لە سیستمى دیموكراسی بینیوە، ئەوەى ئێستە دەیبینین درێژكراوەى خولى پێشووى پەرلەمانە، كە برێتییە لە پاشكۆبوونى پەرلەمان بۆ حكوومەت، بۆیە پرۆژەكانى حكوومەت تێدەپەڕێنىَ".

هەروەها گوتى "پێویستە سەرۆكایەتیى پەرلەمان ئەوە بزانێت كە ڕەخنەگرتن لە حكوومەت بە قازانجى لیستى زۆرینە و حكوومەت دەشكێتەوە، بۆیە پێویستە پەرلەمانتاران وەكو نوێنەرى میلەت ڕەفتار بكەن و دەسەڵاتى جێبەجێكردن بخەنە ژێر چاودێرییەوە و لە هەڵە و كەموكورتییەكانى بپێچنەوە، بۆ ئەوەى متمانەى هاووڵاتیان بەدەست بێنن".

ئاماژەى بەوەیش دا كە ئێستە لە كوردستاندا ململانەیەكى توند لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا هەیە، دەسەڵات دەیەوێ دەست بەسەر سەرجەم جومگەكانى فەرمانڕەوایدا بگرێت و ئەوانی ترى لێ بێبەش بكات، ئەوەشى بە دیاردەیەكى ناتەندروست لەقەڵەم دا كە دوور نییە سەربكێشێ بۆ روودانى توندوتیژى.

یوسف محەمەد گوتى "كاتێك هێزێكى سیاسی هیچ ڕێوشوێنێكى ئەوتۆى بۆ كاركردن نامێنىَ توندوتیژى سیاسی دروست دەبێت، كاتێكیش لیستەكانى دەرەوەى دەسەڵات بێبەش دەكرێن لە مافى دەربڕین و بەرجەستەكردنى بەرنامەكانیان لەو پرۆژەیاسایانەى پێشكێشى پەرلەمانیان دەكەن و زۆرینە رەتیان دەكاتەوە، ڕەنگە بەشێكیان هەست بەوە بكەن لەو سیستمە سیاسییەدا جێیان نابێتەوە و پەنا ببەنەبەر كارى توندوتیژى".

لە چەند مانگ و هەفتەى رابردوودا پەرلەمانى كوردستان، وێڕاى نەیاریى لیستەكانى ئۆپۆزسیۆن، بە زۆرینەى دەنگ چەند پرۆژەیاسایەكى پەسند كرد، لەوانە پرۆژەیاساى بودجەى ساڵى 2010ى هەرێم، پرۆژەیاساى حساباتى كۆتاى حكوومەتى هەرێم لە ساڵى 2009دا و پرۆژەیاساى درێژكردنەوەى یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بۆ 2 ساڵى تر.

(ئاكانیوز)