لێدوان

PostHeaderIcon ئارام قادر/ وەزیرى شارەوانى بە شەفافى وەڵامى پرسیارى پەرلەمانتارانى نەدایەوە


ئەمڕۆ دوو شەممە (5/12/2011) پەرلەمانى کوردستان دانیشتنى ئاسایى خۆى سازکرد بە میواندارى وەزیرى (شارەوانى گەشت و گوزار) ، لە دانیشتنەکەدا کۆمەڵێک پرسیار ئاڕاستەى وەزیرى شارەوانى کرا ، بەڵام بە پێى وتەى پەرلەمانتاران پرسیارەکان بە شەفافى وەڵام نەدرانەوە

لەوبارەیەوە (ئارام قادر) سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى بۆ "کۆمەڵنیووز" وتى : ئەمڕۆ کۆبوونەوەى پەرلەمان سازدرا بە میواندارى وەزیرى شارەوانى بۆ وەڵامدانەوەى تێبینى و پرسیارەکانى پەرلەمانتاران ، ئێمە هەر لەسەرەتاوە تێبینیمان هەبوو لەسەر بانگهێشت کردنى وەزیرى ناوبراو ، چونکە پەرلەمانتاران چەندین یاداشت و داواکارییان بەرز کردۆتەوە کە چەند وەزیرێک بانگبکرێت بۆ لێپێچینەوەو بەدوا داچوونى کەمتەرخەمیەکانیان لەوانەش وەزیرى ناوەخۆو ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ بوون ، پاشان کە کۆبوونەوەکە کراوە چەندین پرسیار ئاڕاستەى وەزیر کراوە ، بەڵام زۆرێک لە پرسیارەکان یان وەڵام نەدراوەتەوە یان وەڵامەکە پەرلەمانتارانى نەگەیاندۆتە قەناعەت ، ئێمە ئەوڕۆ چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەى وەزیر کرد بۆ نمونە پرسیارمان ئاڕاستەى وەزیر کرد لەبارەى (پڕۆژەى شەقامى دوو سایدى قەلادزێ کە (4) ملیار دینارى بۆ تەرخانکراوە ، بەڵام ئێستا ئەو پڕۆژەیە دیار نیە ، وە لەبارەى پیس بوونى ئاوى دەربەندیخان ، وە لەبارەى ئەوەى کە بەپێى یاسا نابێ هیچ وەزیرێک لە پێنج ڕاوێژکار زیاترى هەبێ ، کەچى وەزیرى شارەوانى هەشت ڕاوێژکارى هەیە، .... ئەمانە کۆمەڵێک پرسیار بوون ، بەڵام هەندێکیان وەڵام نەدرانەوە ، وە زۆر لە وەڵامەکانیش قەناعەتیان پێ نەهێناین .